سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا بە شەش مانگ بەندکردن سزادرا
بەهۆی خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، نیکۆلای سارکۆزی، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا بە شەش مانگ بەندکردن سزادرا، بەڵام هێشتا سزاکە جێبەجێنەکراوە.
رۆژی چوارشەممە، 14-02-2024، دادگەیەکی تێهەڵچوونەوەی شاری پاریس سزای شەش مانگ بەندکردنی بۆ نیکۆلای سارکۆزی، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا دەرکرد، بەهۆی پارە خەرجکردنی نایاسایی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی 2012.
سەرەتا سزاکە یەک ساڵ بەندکردن بوو، بەڵام دادگەکە بۆ شەش مانگ بەندکردن کەمیکردەوە و شەش مانگەکەی دیکەش سزای بەندکردن لە ماڵەوە دەبێت.
بەگوێرەی دادگەکە: "سارکۆزی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2012ـدا پارەیەکی زۆری لە بانگەشەدا خەرجکردووە لەکاتێکدا بۆی هەبوو تەنیا 22.5 ملیۆن دۆلار خەرجبکات، بەڵام ئەو نزیکەی دوو هێندەی ئەو پارەیەی لە بانگەشەکانی خۆیدا بەکارهێناوە و دواتر کۆمپانیایەکی گرتووە بۆ داپۆشینی ئەو بڕە پارەیەی بەکاریهێناوە."
بەگشتی ئەمجۆرە سزایانە لە فەرەنسا لە ماڵەوە جێبەجێ دەکرێن و کەسی سزادراو تاگێکی ئەلیکترۆنی پێوە دەلکێندرێ کە شوێنەکەی لەلای پۆلیس دیاردەکات؛ یان دەتوانێت بە پێدانی پارەی پێبژاردن (کەفالەت) سزاکەی خۆی تەواو بکات.
ڤینسنت دێزری، پارێزەری سارکۆزی رایگەیاند: "بەڕێز نیکۆلای سارکۆزی بە تەواوی بێتاوانە و بڕیاریداوە لە باڵاترین دادگەی فەرەنسا تانە لەو بڕیارە بدات."
سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا لە کاتی بڕیارەکەدا لە دادگە ئامادەبوو، جگە لە زەردەخەنە هیچ کاردانەوەیەکی دیکەی نەبوو و دوای تەواوبوونی دادگاییەکە بەپەلە و بێ هیچ لێدوانێک دادگەی بەجێهێشت.
بەهۆی ئەوەی سارکۆزی بڕیاریداوە تانە لە بڕیارەکە بدات، تاوەکو یەکلابوونەوەی تانەکە، سزاکە جێبەجێ ناکرێت.
