سەرۆکی یەکێتی : هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە
ئەمڕۆ یەکشەممە"بافڵ جەلال تاڵەبانی"سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەختی کردەوە کە هیچ کەسێک، چ تاکە کەس بێت یان گرووپ، لە سەرووی یاساوە نییە.
تاڵەبانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند : شاری سلێمانی لە هەفتەی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕووداوی بەخۆیەوە بینی کە بوونە هۆی خەم و پەژارە بۆ هاوڵاتیان و خانەوادەکانیان،و جێگەی نیگەرانیی ڕای گشتی بوون.
دەشلێت : گرووپێکی میلیشیایی دەرچوو لە یاسا، ژمارەیەک ناوچەی نیشتەجێبوونیان گۆڕی بۆ سەربازگە و بنکەی سەربازی، و لەو ناوچانەوە هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییە فەرمییەکان، کە ئەرکیان پاراستنی هاوڵاتیان و موڵک و ماڵیان و پاراستنی سەقامگیریی شارەکەیە،و ئەم کارانە ژیانی خەڵکی سڤیلیان خستە مەترسییەوە و هەوڵیاندا بەهای ئەرکی ئەو دامەزراوە ئەمنییانە کەمبکەنەوە کە لە پێش هەموویانەوە پاراستنی کۆمەڵگە و تاکەکانیەتی.
هەروەها دەڵێت: لەم جۆرە بارودۆخانەدا، بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی ناڕاست ئاسانە،و کێبڕکێی نێوان دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە زۆربەی کاتدا لەبری ڕوونکردنەوەی لایەنە ناڕوونەکانی ئەم جۆرە حاڵەتانە، بووەتە هۆکارێک بۆ چەواشەکردنی ڕاستییەکان بەشێوەیەکی گەورە.
وتیشی: لێرەدا دەبێت بە ڕوونی بڵێم، هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە، جا چ تاکە کەس بێت یان گرووپێکی میلیشیایی. چارەنووسی ئەو کەسانەی کە ئاسایش و سەقامگیری دەخەنە مەترسییەوە، کە ئێمە لەپێناویدا قوربانیی گەورەمان داوە،دەبێت لە ڕێگەی ڕێکارە یاساییەکانەوە لە چوارچێوەی پڕۆسەی دیموکراسیدا دیاری بکرێت، نەک لە ڕێگەی خەمڵاندن و هەڵمەتی ڕاگەیاندنی چەواشەکارانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک دامەزراوەیەکی ئەمنیی یاسایی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی تایبەتی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکان بڵاوکردەوە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی هاوڵاتیان، و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنانە، کە ئەرکی هەموومانە کە ڕێگە بۆ دەسەڵاتی دادوەریی کارا خۆش بکەین تا ئەرکەکانی خۆی بەبێ هیچ دەستێوەردانێک ئەنجام بدات، بۆیە لێرەوە داوامان لە هەموو دامەزراوە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە حزبەکەمان کردووە، کە کاردانەوەیان بۆ گەورەکردنی ئەو هەڵمەتە بێمانایانە نەبێت کە لەلایەن هەندێک کەناڵی ڕاگەیاندنەوە بەڕێوەدەبرێن، ئێمە بۆ ئەو ئاستە دانابەزین، و ئەرکی ئێمە خستنەڕووی ڕاستییەکانە بە بەرپرسیارێتی و پیشەییبوونەوە، و پاراستنی متمانەی گشتیی هاوڵاتیانە بە ئێمە،کاری لەپێشینەی ئێمە پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان و مافەکانیانە، و بەرگریکردنە لە سەروەریی یاسا، و ڕێگریکردنە لەو کەسانەی کە پشت بە هێز و تۆقاندن دەبەستن، نەک متمانەی گشتیی هاوڵاتیان.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەکەی تاڵەبانی داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کرد "ئەرکەکانی خۆی بە پابەندبوون بە بنەماکانی یاسا، دادپەروەری و شەفافیەتەوە جێبەجێ بکات، و دڵنیابن کە مافی هەموو تاکێک پارێزراوە، و نابێت ئارەزووی گرووپێکی میلیشیایی بەسەر ویستی هاوڵاتیاندا بۆ ئاشتی، یەکڕیزی و دیموکراسی زاڵ بێت.
