سەرۆکی یەکێتیی دوای کۆتایی دەنگدان: پێكەوە بەرەو ئایندەیەكی گەشتر بەرەو هەرێمێكی سەقامگیرتر
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای تەواوبوونی دەنگدانی تایبەت لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، لە دڵەوە سوپاسی بێپایانم ئاڕاستەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئاژانسی پاراستن و زانیاری، دەزگای ئاسایشی هەرێم، هێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان، هێزەکانی دژەتیرۆر، کۆماندۆی کوردستان و ئۆپراسیۆن دەکەم بۆ بەشداریی گەرموگوڕتان لە سەرخستنی پرۆسەی دەنگدان و هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروستتر.
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت: ئەمڕۆ ئێوەی خوشك و برای خۆشەویستم وەك چۆن هەمیشە پارێزەری ئارامی و سەقامگیری بوون، لەم قۆناغە گرنگەی هەرێمەكەشمان پێشەنگبوون لە بەرەوپێشبردنی رەوتی دیموكراسی و شانازیی بە پەرۆشیتانەوە دەكەین.
هەڤاڵانی خۆشەویستم، لە رۆژانی داهاتوودا ئەرك و بەرپرسیارێتیی گەورەتان لەسەرە و پاراستنی ئارامیی پرۆسەكە لە ئەستۆی ئێوەیە، داواكارم بەهەمان رۆحییەت و پەرۆشیی ئەمڕۆتانەوە ئەو ئەركە گرنگە رابپەڕێنن و دڵنیاشم لەئاست چاوەڕوانییەكانمان دەبن.
دڵنیاتان دەكەم من هەمیشە برا و هاوڕێی دڵسۆزی ئێوە دەبم و داواكاریی برایانەشم ئەوەیە بەڕێگەیەكی شارستانی گوزارشت لە سەركەوتنەكانتان بكەن و وەك هەمیشە نموونەبن بۆ كوردستانەكەمان.
