سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵرۆژی کیمیابارانی ھەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵرۆژی کیمیابارانی ھەڵەبجە پەیامێکی لەم یادەدا بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "ئەمڕۆ و هەموو رۆژەکانی ژیانمان شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزیانمان لەیادە و سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین".
بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەینەوە، گلەییەکان زۆرن و خزمەتگوزارییەکان کەمن، جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت و ئەوەی پێشکەشی هەڵەبجە و هەڵەبجەییە سەربەرزەکان دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو شارەدا هات، وانەیەکی مێژوویی و پەندێکی گەورە بووایە بۆ ئێمەی کورد و هەمووان پێکەوە بە رۆحێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە کارمان بۆ گەڕاندنەوەی هیوا و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بکردایە.
سەرۆکی یەکێتیی وتیشی: دەبێت لای هەمووان روون بێت ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە و هەموو کوردستان پێویستیانە، بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و هەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت نییە، بەڵکو خزمەتکردن و بەدەنگەوەچوونی داواکارییە رەواکانە. دەبێت بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاک و نیشتمان، جێگەی بیری جیاکاری بگرێتەوە و خزمەتگوزارییەکان بۆ هەمووان بێت. كوردستان پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتووییە نەک ترازان و دوورکەوتنەوە، دەبێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و لەبیرمان بێت وەک کورد یەک چارەنووسمان هەیە.
