سەعدی ئەحمەد پیرە: لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی جەختکرایەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا
وتەبێژی یەکێتی ئەنجامی کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەخاتەروو، رایدەگەیەنێت: "دوو تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە سەردانی سەرۆکی یەکێتی بۆ ئەمریکا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، کە جەخت لەوە کرایەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبەرێت".
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی حیزبەکەی راگەیاند: "کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پاش گەڕانەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەت لە سەردانەکەی لە ئەمریکا، کە تێیدا سەرۆکی یەکێتی چەندین چاوپێکەوتن و کۆبونەوەی گرنگی ئەنجام داو، ئەنجامی کۆبونەوەکان تاوتوێ کران".
"تەوەرێکی تری گرنگی کۆبونەوەی ئەمڕۆ، باسکردنبوو لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە جەختلەوە کرایەوە پێویستە لەوادەی خۆیدا و هەرچی زووە ئەنجامبدرێت و هاوکات سەرۆک بافڵ لە چاوپێکەوتنەکانی لە ئەمریکادا لەگەڵ کەسایەتە سیاسییەکان باسیان لەگرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردووە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان"، سەعدی پیرە وای وت.
وتەبێژەکەی یەکێتی ئەوەشی وت: "هاوکات لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بەوەکرا، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و دواخستنی ئەزمەیەکی سیاسی گەورەیە و سەلماندنی بێتوانایی حکومەت و دەسەڵاتە لەهەرێمی کوردستان".
لەبارەی ساڵیادی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە، ئاماژەی بەوەکرد: "لەم یادەدا جیاواز لە ساڵانی تر خەڵات دەدرێتە پێشمەرگە دێرینەکانی ساڵی ١٩٧٦ و هاوکات چەند بۆنەیەکیش بۆ ئەو یادە مەزنە لە چەند مەڵبەند و مەکتەبێکی یەکێتی دەکرێتەوە".
