شاخەوان عەبدوڵڵا:ئەو هێزەی دوێنی هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک بەبڕیاری سەرۆک وەزیران دەکشێتەوە
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق کردووە؛ ئەو هێزەی سوپا کە دوێنێ هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک دەکشێتەوە و هیچ خێزانێکی کورد ناچار بە دەرکردن ناکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-01-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هیچ خێزانێکی کوردی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک ناچار بە دەرکردن ناکرێت و ئەو هێزەی سوپای عێراق کە لەو گەڕەکە جێگیر کراوە، دەكشێتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەی خستووەتەڕوو، دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە، 02-01-2024، چەند هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک پەیوەندییان پێ کردووە و پێیانگوتووە، هێزێکی سوپای عێراق هاتووەتە سەریان و داوای چۆلکردنی ماڵەکانیان لێ دەکات، "لەگەل سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد و بەسوپاسەوە فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری کرد" ئەو هێزەی سوپای عێراق بکشێتەوە و ئەو بابەتە رابگیرێت.
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان قسەیکردووە و بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کشاندنەوەی ئەو هێزەی سوپا جێبەجێ دەکات.
