شارەوانی سلێمانی: بەکارهێنانى شۆستە و شەقامەکان رەزامەندیی نەبێت ئەوا بە زیادەڕەوی دادەنرێت
شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند، هەر بەکارهێنانێکی شۆستە و شەقامەکان رەزامەندیی یاسایى نەبێت ئەوا بە زیادەڕەوی دادەنرێت ، وتیشی"لابردنی زیادەڕەوی ئەرکی لیژنەی لابردنی زیادەڕەوییە".
سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پاش دەرکردنی یاسای قەدەغەکردنی زیادەڕەوی (ژمارە 3)ـی ساڵی 2018، ئیدی رێگریکردن و لابردنی زیادەڕەوی لەسەر موڵکی دەوڵەت بە تەنها ئەرکی شارەوانی نەماوە بەڵکو ئەرکی لیژنەی لابردنی زیادەڕەوییە و تەنها لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی یەکەی کارگێڕی زیادەڕەوییەکە لادەبرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، چۆنیەتیی بەکارهێنانی شۆستە و شەقامەکان و پاراستنی سیمای شار بەپێی (ماددەی 28 لە بڕگەی 3) لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان (ژمارە 6ـی ساڵی 1993 هەموارکراو) لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی شارەوانیدایە و پێشتر ئەنجومەن بڕیاری لەم بابەتەدا داوە و لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر بڕیاری ئەنجومەن کاری لەسەر ئەکەن و هەر بەکارهێنانێکی شۆستە و شەقامەکان رەزامەندیی یاسایى نەبێت ئەوا بە زیادەڕەوی دادەنرێت و هەروەک خاڵی یەکەم مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
هەر لە راگەیانراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی شارەوانی هەمو رۆژێکی یەکشەممان و سێشەممان راستەوخۆ هاوڵاتیان دەبینێت، بۆیە هەر هاوڵاتییەک داواکارییەكی هەیە كە پێویستی بە واژۆ و لە دەسەڵاتی ئەودابێت دەتوانێت لەو رۆژانەدا سەردانی بەڕێزیان بکات و ئەوسا ئەگەر داواکارییەکە لەگەڵ یاسا و رێنماییەکاندا ناکۆک نەبێ ئەوا بۆتان جێبەجێ دەکرێن و ئەگەریش ناکۆک بێت ئەوا بە رونکردنەوەی فەرمی وەڵامتان دەدرێتەوە.
