شارەوانی سلێمانی داتای مۆڵەتەکانی 1988 بۆ 2024 بە ئەلیکترۆنی دەکات
بەمەبەستی رێگری کردن وپاراستنی لە کۆن بوون و لە ناوچوونی مۆڵەتەکان،سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی داتای هەموو مۆڵەتە نیشتەجێی و بازرگانییەکان لە ماوەی ساڵانی 1988 تا 2024، هەروەها بڕیارەکانی ئەنجومەنی شارەوانی لە ساڵی 2000ەوە.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە پاراستنی مامەڵەکانی هاوڵاتییانە، لە رێگەی دروستکردنی داتابەیسێکی ئەرشیفی فەرمی، کە هەموو مۆڵەت و بڕیارەکان تێیدا تۆمار دەکرێن، بەم رێگەیە مامەڵەکانیان لە کۆن بوون و لە ناوچوون دەپارێزن
ئەو داتابەیسە وەک سەرچاوەیەکی یاسایی و پشتڕاستکراو کاردەکات، هاوڵاتییان لەکاتی ونبوون یاخود لەناوچوونی بەڵگەنامەکان دەتوانن بە ئاسانی و بە هۆکاری یاساییەوە مامەڵەکانیان لە فەرمانگەکە وەربگرنەوە.
وتەبێژی شارەوانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کارە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاساکان و پاراستنی مافەکانی هاووڵاتییانە پێویست بووە، بە تایبەتی لە بواری مۆڵەت و بازرگانی، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەم هەنگاوە بەرەو سیستمێکی روون و کارای بەڵگەنامەکانی پیشەدارییەوە دەڕوات.
