شاسوار عەبدولواحید: نزیکەی 30 هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەکان دەنگیان داوە بە نەوەی نوێ
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەتدا، نزیکەی 30 هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەکان دەنگیان داوە بە نەوەی نوێ و ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ نەوەی نوێ.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێن ئاڕتی ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکەن کە دەنگیان بە نەوەی نوێ داوە، سەرباری ئەو فشار و هەڕەشانەی کە لەسەریان بووە.
باسی لەوەشکردووە، پێشتر دەنگی دەنگدانی تایبەت 400 هەزار دەنگ بوو ئێستا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کەمی کردووەتەوە بۆ 215 هەزار، نزیکەی 60 هەزار کەسیش دەنگەکانیان سووتاندووە، نزیکەی 20 هەزار کەس نەچووە بۆ دەنگدان، بەوپێیەیش دەنگەکانی دەسەڵات کەم بووەتەوە بۆ کەمتر لە نیوە.
کەمێک پێش ئێستا، بنکەکانی دەنگدانی تایبەت بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە تەواوی هەرێمی کوردستان و شارەکانی تری عێراق داخرا.
دوای تەواوبوونی دەنگدان، تۆڕی هاوپەیمانی چاودێرانی سەربەخۆ ڕایگەیاند، کە باوترین پێشێلکارییەکان لە دەنگدانی تایبەتی ئەمڕۆی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، "هەوڵدان بۆ چەند جارێک دەنگدان و دەنگدان لە جیاتی کەسانی تر و لەکارخستنی کامێراکان بووە کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان داینابوو".
تۆڕی هاوپەیمانی چاودێرانی سەربەخۆ رایگەیاندووە، زۆربەی ئەو پێشێلکاریانه لە دەنگدانی تایبەت تۆمارکراوە، له هەولێر و دهۆک تۆمارکراوه و زۆرترین ڕووداوی پێشێلکاری پارێزگای دهۆک تۆمار کراوه
هاوپەیمانێتییەکە 159 چاودێری لە 153 بنکەی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بڵاوکردبووە بۆ چاودێریی دەنگدان.
كلمات مفتاحية
- شاسوار عەبدولواحید
- نەوەی نوێ
- دەنگدانی تایبەت
- هەرێمی کوردستان
- هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
- هێزە ئەمنیەکان
