شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی ئیمراڵی - دەم پارتی بە سەرۆکایەتی هەردوو پەرلەمانتار سری سوورەیا و پەروین بوڵدان کۆبووە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستەڕوو و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئێستا قۆناغێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی.
مەسرور بارزانی لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە دەڵێت: جەختمان لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیریی و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی.
هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشمان بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشاندا.
