شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری بەغدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، لەگەڵ محەممەد شەیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، لەو کۆبوونەوەیەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆکی حکومەت جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان کردەوە، هەروەها دووپاتیکردەوە، کە نابێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێن و پێویستە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چیدیکە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن.
لە کۆبوونەوەکەدا، محەممەد شەیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەموو لایەک هەوڵ بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی بدرێت لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا ڕاشیگەیاند؛ "بە بڕوای ئێمە عێراق خاوەن سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و سرووشتییە و بە رەخساندنی کەشێکی لەبار و بەڕێوەبردنێکی باش، هەموو عێراق بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر هەنگاو دەنێت".
