شەوی رابردوو کۆڵبەرێکی کورد بە مردوویی دۆزرایەوە بەهۆی سەختی برینیەوە
شەوی دووشەممەی رابردوو کۆڵبەرێکی کورد بە مردوویی دۆزرایەوە بەهۆی سەختی برینیەوە.
ئاسۆ کەریمی، کۆلبەری تەمەن 39 ساڵ لە ناوچەی سنووریی شۆشمێی سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مردوویی دۆزرایەوە، ئەم کۆڵبەرە کە لە دەستڕێژی شەوی ڕابردووی هێزە سنوورەکاندا بۆ سەر کۆڵبەران بە سەختی بریندار بوو و بەهۆی قورسی برینیەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، "نیوەڕۆی رۆژی دووشەممەی رابردوو دوای چەندین کاتژمێر گەڕانی بەربڵاوی خەڵک بە ناوچەی شۆشمێی شاری نەوسوودی پارێزگای کرماشاندا، تەرمی کۆڵبەرێکی 39 ساڵانی دانیشتووی ناوچەی پاوە بە ناوی ئاسۆ کەریمی لە ناو باخێکی ناوچەکەدا دۆزراوەتەوە".
ئاسۆ کەریمی شەوی ڕابردوو بەهۆی دەسڕێژی هێزە سنووریەکانەوە بۆ کۆمەلێک لە کۆڵبەران بریندار بوو، ئەم کۆڵبەرە کە دوای برینداربوونی توانی خۆی بگەیەنێتە یەکێک لە باخەکانی ناوچەکە و بەهۆی فراوانبوونی و قورسی برینی گیانی لەدەستدا.
