شەپۆلی سەرما و بارانبارین بۆ ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەڕێوەیە
بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو بڵاوکردەوە.
بەڕێوبەرایەتی کەشناسی پێشبینی کرد بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان نیمچە هەوربێت، لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو لەگەڵ دەستپێکردنى باران بارین سەرەتا لە سنوورى ڕۆژئاواى هەرێم و سنوورى پارێزگاى دهۆک و بەشێک لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان لە شەو درەنگدا کەمێک بەفر دەبارێت.
پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ سێشەممە و ئاراستەی با باشووری رۆژهەڵات دەبێت.
بۆ سبەى پێنجشەممە 20ـی 2ی 2025،
کەش هەور و باراناوى دەبێت، ئەم شەپۆلى باران بارینە سەرجەم ناوچەکەمان دەگرێتەوە هەروەها لە ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت، سەرەتا دابارین بەشێوە پچر پچر دەبێت، لە شەودا هێز و تاوى باران زیاد دەکات بۆ بارانى مامناوەند و لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ لێزمە بارانى بەردەوام، لەگەڵ زیاد بوونى خێراى با.
