شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان سوپای سوریا و هێزەکانی هەسەدە لە لادێکانی حەلەب
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە هێزەكانی حکومەتی کاتی سوریا كە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، خاڵێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی لە ناوچەی دێر حافر کردە ئامانج و زیاتی گیانی نەبوە، لە بەرامبەردا هەسەدە وەڵامیداوەتەوە بە هێرشكردنە سەر سەرچاوەكە و زیانی پێگەیاندون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوکردەوە، "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە چەکدارانی حکومەتی کاتی لە سوریا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چەند خاڵێکی سەربازی لە ناوچەی دێر حافر کردە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێنەکەوتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان دەستبەجێ وەڵامیان داوەتەوە و سەرچاوەی هێرشەكەیان بە ئامانج گرتوە بە هێرشێكی ورد. کە بوە هۆی زیانی یەکلاکەرەوە و ناچارکردنی هێرشبەران بە پاشەکشێ".
هەسەدە جەختی لە "ئامادەیی تەواوی هێزەکانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هێرشێک" کردەوە و دەڵێن، "وەڵاممان هەمیشە یەکلاکەرەوە دەبێت دژی هەر کەسێک کە هەوڵی هێرشکردنە سەر پێگە و شەڕڤانانمان بدات".
