شەڕی ناوخۆی سووریا بووە هۆی کوژرانی شەش هەزار سەربازی ئێران
محەممەد مەنان ڕەئیسی، پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران ڕایگەیاند، کە شەڕی سوریا بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە شەش هەزار سەربازی ئێران.
محەممەد مەنان ڕەئیسی، پەرلەمانتاری ئێران لە دانیشتنێکی داخراو لە پەرلەمانی ئێران بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنەکانی دۆخی سووریا لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد-ی سەرۆکی سووریا گوتی: "ئەوەی ڕوویدا جێی سەرسوڕمان بوو" و گوتی: "ئێمە نزیکەی شەش هەزار شەهیدیان بۆ بەرگریی لە ڕژێمی سووریا، هەروەها ملیاران دۆلارمان خەرج کرد و پاشان لەماوەی هەفتەیەکدا سووریامان ڕادەستی گرووپە توندڕەوەکان کرد".
شایەنی باسە، ئێران تاکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی پەیوەست بە کوژراوانی سەربازانی ئێران، یاخوود تێچووی خەرجکردنی ماددی لەماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا بۆ شەڕی نێوخۆی سووریا ئاشکرا نەکردووە.
کاربەدەستانی ئێرانی پێیان وایە هێزەکانیان لەسووریا کە بە "بەرگریکاری مەزارگە" ناویان دەبەن، دەستیان هەبووە لەشەڕکردن لەگەڵ ڕێکخراوە توندڕەوە و ئۆپۆزسیۆنی سووریا و پاراستنی شوێنە ئاینییەکانی شیعەکان لەسووریا.
ئەم ئامارە بەرزترین ئامارە کە بەرپرسێکی ئێرانی لەبارەی کوژراوانی هێزەکانی ئێران لە شەڕی سوریا ئاشکرای کردووە، چونکە ئێران لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریا لەساڵی 2011ەوە بەردەوامە لە پشتیوانی سەربازی و سیاسی ڕژێمی سووریا، تا دواجار ڕووخانی لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوودا.
