عامری سه‌ركۆنه‌ی بۆردومانەکەی ئه‌مڕۆی باره‌گای نوجه‌بای سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی كرد
ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر سه‌ركۆنه‌ی بۆردومانەکەی ئه‌مڕۆی باره‌گای نوجه‌بای سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی كرد كه به‌هۆیه‌وه حاجی ئەبوتەقوا سەعیدی جێگری ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی و تاڵیب ئەلسەعیدی، یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا و دو كه‌سی کوژراون و چوار كه‌سیش برینداربون، ده‌شڵێت، "بونی ئەمریکا بوه‌تە مەترسیی لەسەر ئاسایش و سەلامەتی گەلی عێراق".
هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر له به‌یاننامه‌یه‌كدا باسی لهوهكردوه، "بە توندی سه‌ركۆنه‌ی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەین کە لەلایەن هێزە تاوانکارە ئەمریکییەکانەوە ئەنجامدراون، بە کردنە ئامانجی یەکێک لە بارەگاکانی هێزەکانی حه‌شدی شه‌عبی لە بەغدای پایتەخت".
عامری، حکومەتی عێراقی بە بەرپرسیار زانی لە هەر جۆرە بێبایەخییەک یان ساردبونهوهیهك لە داواکاریی جددی بۆ دورخستنەوەی دەستبەجێی "هێزەکانی بەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی عێراق".
ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، "هەڵوێستەکانی پێشومان لەسەر ئەم پرسە رون و ئاشکرایە، بونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بوەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی گەلی عێراق، هەروەها پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری عێراقە".
