عراقچی: ئەمەریکا دەیەوێت بە زووترین کات ڕێککەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا بکات
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەمەریکا و ئێران نزیکن لە گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ناوەرۆکی دانوستانەکەیان. دەشڵێت، ئەمەریکا مەبەستێتی لە زووترین کاتدا، ڕێککەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا بکرێت.
شەممە 12ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاوی کردووەتەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستانی نێوان ئەمەریکا و وڵاتەکەی لە مەسقەتی پایتەختی عوممان، ڕایگەیاند: ئەمەریکا بە زووترین کات دەیەوێت ڕێککەوتنێکی نوێ و ئەرێنی لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاراندا بکات.
هەروەها ئاماژەشی دا، ئەوە کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بە ویست و نیازپاکی هەردوو لایەنی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە هەیە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: ئەمەریکا و ئێران نزیکن لە گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ناوەرۆکی دانوستانەکەیان.
هاوکات عراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ویتکۆف، لە کەشێکی ئەرێنی و ڕێزگرتن لەگەڵ یەکتر بەڕێوە چوو؛ ئاماژەشی داوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر بنەمای هەماهەنگی زیاتر، دێدگای ئێرانی لەبارەی کێشەکان بە ڕوونی خستەڕوو.
دووپاتیشی کردووتەوە، ئەمەریکا و ئێران بڕیاریان دا، لە چەند ڕۆژی داهاتوو بۆ جاری دووەم کۆببنەوە.
لایخۆشیەوە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕایگەیاند، دووپاتی کردووە کە دانوستانەکە لەگەڵ ئێران ئەرێنی بوو؛ هاوکات گوتیشی: بەر لە بەرڕێوە چوونی قۆناغی دووەمی دانوستانەکە، ڕاوێژ لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکەم.
