عیمران خان سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان دەستگیرکرا و خۆپیشاندان لە وڵاتەکە سەری هەڵدا
پۆلیسی پاکستان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند نزیکەی هەزار کەس لە پەنجاب دەستگیرکراون، کە گەورەترین ویلایەتی پاکستانە لەڕووی دانیشتووانەوە، بەهۆی ئەوەی کە خۆپیشاندانیان کرد بۆ ئازادکردنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی وڵاتەکە "عیمران خان".
کاربەدەستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ میدیاکان ڕایانگەیاند، "تیمەکانی پۆلیس 945 یاساشکێنەر و ئاژاوەگێڕیان لە سەرانسەری ویلایەتەکەوە دەستگیرکردووە"، هاتووەش، "130 ئەفسەر و بەرپرس برینداربوون لەو توندوتیژییانەی دوای دەستگیرکردنی عیمران خان لە ڕۆژی سێشەممەدا ڕوویدا".
ئاژانسی فڕانس پریس دەلێت، عیمران خان ڕۆژی سێشەممە دەستگیرکرا کاتێک لەبەردەم دادگایەکی ئیسلام ئاباد ئامادە بوو لە یەکێک لەو کەیسانەی کە "تۆمەتبار" کرابوو.
پۆلیسی ئیسلام ئاباد لە تویتەر ئاماژەی بە کەیسی گەندەڵی کرد کە بووە هۆی دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی وڵاتەکە.
