عێراق بە هاوکاری لەگەڵ ئێران دەست بەسەر دەیان کیلۆ مادەی هۆشبەردا دەگرێت
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستبەسەرداگرتنی ٦٤ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری بە هاوکاری لەگەڵ لایەنی ئێرانی ڕاگەیاند.
بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بە ڕیتمێکی بەرز بەردەوامە لە هەوڵە هەواڵگری و مەیدانییەکانی لە ڕاوەدوونانی باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە پێشوەختەکانیدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی وەزیری ناوخۆ و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندییە یاساییەکان، و لە ڕێگەی هەماهەنگییەکی ئەمنی نێودەوڵەتی کارا لەگەڵ لایەنی ئێرانی، توانی دەست بەسەر (٦٤) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری مەترسیداردا بگرێت و تۆمەتبارێکیش بە تاوانی بینراو دەستگیر بکات.
بەیاننامەکە ڕوونیکردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە جۆرییە، لە شاری ئابادان جێبەجێکراوە، لەلایەن مەفرەزەیەکی پسپۆڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان، و بە هاوکاری پتەو لەگەڵ ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران، لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە کە سنوورەکان دەبڕێت.
جەختیشی کردەوە کە کاری ئەمنی هاوبەش، کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی دۆست دامەزراوە، کارایی خۆی سەلماندووە لە وەشاندنی گورزی بەئازار لە تۆڕەکانی ماددە هۆشبەرەکان، و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم ژەهرانە کە ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگە دەکەنە ئامانج، هاوکات پابەندبوونی وەزارەتیشی نوێکردەوە بە بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێبازە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و پارێزگاریکردن لە ئاشتی کۆمەڵایەتی
