عێراق دوای ڕووداوی شەرم شێخ سەرەخۆشی لە قەتەر دەکات
وەزارەتی دەرەوە ئەمڕۆ یەکشەممە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی دەوڵەتی قەتەر کرد، بەهۆی گیانلەدەستدانی سێ کارمەندی دیوانی میری و برینداربوونی کەسانی دیکە لە ڕووداوێکدا لە شەرم شێخی میسر.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە ئاماژەی بەوەکردووە، "سەرەخۆشی و هاوخەمیی دڵسۆزانە بۆ دەوڵەتی قەتەر برا بە حکومەت و گەلەوە دەردەبڕێت، بەبۆنەی گیانلەدەستدانی سێ ئەندامی دیوانی میری و برینداربوونی کەسانی دیکە، لەئەنجامی ئەو ڕووداوە پڕ لە ئازارەی کە لە شاری شەرم شێخ لە کۆماری عەرەبی میسر ڕوویدا لەکاتێکدا ئەرکە دیپلۆماسییەکانیان ئەنجامدا".
وەزارەتەکە دوپاتیکردەوە "هاوسۆزی تەواوی عێراق لەگەڵ دەوڵەتی قەتەر لەم ڕووداوە کارەستبارەو هاوسۆزی قووڵی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی، لە خودای مەزن دەپاڕێتەوە کە ڕەحمەتی خۆی بە کۆچکردوو ببەخشێت و بریندارەکان بە خێرایی چاکببێتەوە".
