عێراق لەگەڵ کۆمپانیای لوکۆیل تاوتوێی چارەسەرەکان دەکات دوای ئەوەی کۆمپانیاکە کەوتە ژێر سزاکانی گەنجینەی ئەمریکاوە
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ ڤاگیت ئەلیکپێرۆڤ، سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی لوکۆیلی ڕووسی تاوتوێی چارەسەرەکانی بۆ پتەوکردنی سەقامگیری بەرهەمهێنانی نەوت کرد، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە کەوتە ژێر ڕێوشوێنی گەنجینەی ئەمریکاوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا كە دەستی موتەڵع کەوتووه، ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی لوکۆیلی ڕووسی ڤاگیت ئەلیکپێرۆڤ".
ئاماژەی بەوەشکرد،" لە دیدارەکەدا باس لە ڕێگاکانی دۆزینەوەی چارەسەر و میکانیزم کرا، بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا بووەوە، کە کاریگەری لەسەر جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی وەبەرهێنان هەبووە، جگە لە تاوتوێ کردنی سەقامگیرکردنی بازاڕی دابینکردنی نەوت و دڵنیابوون لەوەی توانای عێراق بۆ بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی نەوتدا بێ کاریگەری بمێنێتەوە، کۆمپانیاکە ڕۆژانە نزیکەی 480 هەزار بەرمیل لە کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاواى قورنە/ بەرهەم دەهێنێت".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە "پابەندبوونی عێراق بە سەقامگیری بازاڕی جیهانی نەوت و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی بەرهەمهێنەران و بەکاربەران و بەردەوامی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ئاستە دامەزراو و سەقامگیرەکاندا کردەوە".
