عێراق ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە لێدوانەکانی بەریتانبا دەربری کە پێشێلی بنەما دیپلۆماسیەکان دەکەن
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی بەریتانیا ئاگادار دەکاتەوە لە ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەو لێدوانانەی کە پێشێلی بنەما دیپلۆماسیەکان دەکەن.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند : وەزارەت بە فەرمی ناڕەزایەتی توندی خۆی بە "عیرفان سدیق " باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا ،گەیاندووە سەبارەت بە لێدوانە میدیاییەکانی ئەم دواییەی لە 8 ی ئابی 2025 کە حکومەتی عێراق بە پێشێلکردنی نەریتە دیپلۆماسییەکان و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتی دەزانێت.
باڵیۆز "محەمەد حوسێن بەحر العلوم" بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دووقۆڵی،
لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لە بارەگای وەزارەت نیگەرانی قووڵی حکومەتی دەربڕی لەوەی کە ئەم ڕەفتارە پێچەوانەی حوکمەکانی ڕێککەوتننامەی ڤیەننایە بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان،کە نوێنەرانی دیپلۆماسی پابەند دەکات بە ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێساکانی وڵاتی میواندار و خۆبەدوورگرتن لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییدا.
ڕاشیگەیاند : کە حکومەتی عێراق هانی باڵیۆزی بەرێتانیای داوە کە خۆی بەدوور بگرێت لە هەر لێدوانێک یان چالاکییەکی دیکەی لەم جۆرە،و بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکات کە خزمەت بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات بکات.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە،وەزارەتی دەرەوە،جەخت لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە پەیوەندی دیپلۆماسی بنیاتنەر و پەیڕەوکردنی بنەماکانی ڕێزی دوولایەنە و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان دەکاتەوە.
