عێراق هاوەردەکردنی 40 بەرهەم ڕادەگرێت
ئەمرۆ یەکشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، کە چیتر 40 جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی هاوردە ناکەن،بەهۆی گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوەی، ئاماژە بەوەشدەکات کە چاودێری بەردەوامی نرخی کاڵا کشتوکاڵییەکان دەکەن و ئەگەر نرخ بەرز بێتەوە، دەستبەجێ ڕێگە بە هاوردەکردن دەدەن.
"مەهدی سەهر جبووری"بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕایگەیاند : وەزارەت بەردەوامە لە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی زیاتر لە 40 بەرهەمی کشتوکاڵی وەک تەماتە و پەتاتە، بە ئامانجی بەدەستهێنانی خۆبژێوی لە عێراقدا.
"جبووری" باسی لەوەشکرد کە عێراق خورما بۆ وڵاتانی وەک هیندستان،و چین،و تورکیا،و ئوردن و وڵاتانی کەنداو هەناردە دەکات،هەروەها خورمای پاکەتکراو و داپۆشراو ڕاستەوخۆ لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەناردە دەکرێت.
لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە، "جبووری " ڕوونیکردەوە : کە وەزارەت بە بەردەوامی چاودێری نرخی کاڵا کشتوکاڵییەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکان دەکات بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکان.
وتیشی : لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخی هەر کاڵا یان بەرهەمێکی کشتوکاڵیدا، دەرگای هاوردەکردن بۆ ئەو بەرهەمانە دەکرێتەوە.
