عێراق هەڵوێستی نەگۆڕی لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ئوردن دووپاتدەکاتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیریی ئوردن دووپاتكردەوە.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، دەڵێت: جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و كاروباری تاراوگەنشینی شانشینی هاشمیی ئوردن ئەیمەن سەفدی ئەنجامدا، تیایدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی برا و ڕێگاكانی پتەوكردنیان لە بوارە جیاجیاكاندا تاوتوێ كرد، ئەوە جگە لە گفتوگۆكردن لەسەر دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: هەر لە میانەی پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا هەردوولا تەئكیدیان لە قووڵایی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان عێراق و ئوردن كردەوە، هەروەها پابەندبوونی هاوبەشیان دووپاتكردەوە بۆ پەرەپێدانیان بە فراوانكردنی ئاسۆی هاوكاریی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان، بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوو گەلی برای بكات.
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە، حسێن هەڵوێستی پتەوی عێراقی دووپاتكردەوە بۆ پشتیوانیكردن لە ئاسایش و سەقامگیری شانشینی هاشمیی ئوردن، لەگەڵ ڕەتكردنەوەی هەر هەوڵێك بە ئامانجی تێكدانی ئاسایشی وڵاتەكە یان دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی، و هەروەك جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشە ناوچەییەكان كردەوە.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەكە سەفدی، ستایشی ڕۆڵی ئەرێنی عێراقی لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە ناوچەكە كرد و هەوڵەكانی هەردوو وڵاتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیكردنی گەشەسەندنی بەردەوام بەرز نرخاند.
