عێراق و ئێران یاداشتێکی ئەمنی واژۆ دەکەن بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی و پاراستنی سنووری هاوبەشیان
محەمەد شەیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرپەرشتی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق وعەلی لاریجانی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەبارەت بە هەماهەنگی ئەمنی لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی کرد لە ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران عەلی لاریجانی و شاندی یاوەری.
وتیشی لە میانەی دیدارەکەدا، سودانی هەوڵە بێوچانەکانی عێراقی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و پتەوکردنی هاوبەشی بەرهەمدار لە ئاست و بوارە جیاجیاکاندا، لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی عێراق و ئێراندا دووپات کردەوە.
سەرۆک وەزیران، هەڵوێستی پرەنسیپی و نەگۆڕی عێراقی دووپات کردەوە لە ڕەتکردنەوەی دەستدرێژییەکانی زایۆن بۆ سەر ئێران و هەموو هەنگاوێک کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پشتیوانی عێراق لە وتووێژی نێوان ئەمریکا و ئێران.
هەروەها سودانی سەرپەرشتی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و بەڕێز لاریجانی سەبارەت بە هەماهەنگی ئەمنی لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کرد.
لای خۆیەوە لاریجانی سڵاوی سەرۆک کۆماری ئێران مەسعود پزیشکیانی گەیاندە سودانی و جەختی لە پابەندبوونی حکومەتەکەی کردەوە بۆ پەرەپێدان و بەردەوامکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی پەیوەندیی هێڵی ئاسنی نێوان هەردوو وڵات بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران و بەستنەوەی بە ڕێگای گەشەپێدان و ڕێڕەوە گەورەکانی ناوچەکە.
