عێراق و بەریتانیا تاوتوێی ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بواری ئەمنیدا دەکەن
ئەمڕۆ سێشەممە، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی لەگەڵ عیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، تاوتوێی ڕێگاکانی پتەوکردنی هاوکارییە ئەمنییە دووقۆڵییەکانی کرد.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاندووە، "شەمەری لە نوسینگەی خۆیدا پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا، عیرفان سدیق کرد، لە میانی دیدارەکەدا چەندین بابەتی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران، دیارترینیان پتەوکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و پاڵپشتیکردنی بەرنامەکانی ڕاهێنان و پەرەپێدان لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوە ئەمنییەکانی بەریتانیا ".
ئەلشەمەری بەگوێرەی بەیاننامەکە جەختی لە "پەرۆشی وەزارەتەکە کردووە بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ لایەنی بەریتانیا"، ستایشی "ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەی شانشینی یەکگرتوو لە پاڵپشتیکردنی عێراقدا کردووە، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکان".
لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا "پێزانینی بەرزی خۆی بۆ هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری" دەربڕی، جەختی لەسەر "بەردەوامی پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ عێراق کردەوە، کە یارمەتیدەر دەبێت لە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات".
