عێراق و کرواتیا تاوتوێی پتەوکردنی هاوکارییە ئابووری و سەربازییەکان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی وەبەرهێنان دەکەن
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی و وەزیری دەرەوەی کرواتیا تاوتوێی پتەوکردنی هاوکارییە ئابووری و سەربازییەکان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی وەبەرهێنانیان کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی کرد لە وەزیری دەرەوەی کرواتیا گۆردان گرلیچ ڕادمان و شاندی یاوەری.
وتیشی لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان لە بوارە گرنگە جیاوازەکان بەتایبەتی وزە و وەبەرهێنان تاوتوێ کرا، بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.
سودانی جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییە درێژخایەنەکان و بەرزکردنەوەی هاوکارییە ئابووری و وەبەرهێنانەکان لە ڕێگەی دەرفەتی بەردەست لە عێراقدا کردەوە و تیشکی خستە سەر گرنگی بوونی کۆمپانیا کرواتیاییەکان لە کەرتە بازرگانییە جیاوازەکان، هەروەها ئاماژەی بە پێویستی پێکهێنانی ئەنجوومەنی بازرگانی هاوبەش کرد، بەمەبەستی گەشەپێدانی پڕۆژەکانی کەرتی تایبەتی عێراق و کرواتیا و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و سوودەکانی کرد، بەو پێیەی پڕۆژەیەکی عێراقی و ناوچەیی و عەرەبی و نێودەوڵەتییە لەگەڵ ئەو دەرفەتە وەبەرهێنانانەی کە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها گرنگی بەشداریکردنی کرواتیا لەم بوارەدا، بە لەبەرچاوگرتنی شوێنی دیاریکراوی، بەڕێز سودانی باسی لە بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لە بواری سەربازیدا کرد و فەرمانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کرد لە نێوان سەرۆکی دەسەڵاتی پیشەسازیی سەربازی و وەزیری دەرەوەی کرواتیا بۆ پەرەپێدانی دیدگای هاوبەش لەم بارەیەوە.
هەر لە میانی دیدارەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی پرەنسیپی و نەگۆڕی عێراقی لە بارەی پرسی فەڵەستین و غەززە ڕوونکردەوە و هەر هەوڵێکیش بۆ گۆڕینی سنوورەکان و فراوانکردنی ململانێکانی ڕەتکردەوە، هەروەها جەختی لە پابەندبوونی عێراق کردەوە بە سیاسەتی دەرەوەی هاوسەنگ، کە پشت بە دیالۆگ دەبەستێت و پابەندە بە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە، هاوکات پاڵپشتی سەقامگیری ناوچەکە دەکات.
لە لای خۆیەوە ڕادمان پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستەکانی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی و ئاماژەی بەو سەقامگیرییە بەرچاوە و بۆژانەوە ئابووری و شارستانییە کرد کە عێراق بەخۆیەوەدەیبینێت و خواستی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە ژێر ڕۆشنایی ئەو شارەزاییەی کۆمپانیا کرواتیاییەکان لە بوارەکانی سەربازی و وزە و کشتوکاڵ و گەشتیاری و بوارەکانی دیکە.
