عێراق پێشوازی لە هەوڵەکانی نێوەندگیری عومان لە نێوان ئەمریکا وحوسییەکان دەکات
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پێشوازی لە هەوڵەکانی نێوەندگیری سوڵتانی عومان لە نێوان ئەمریکا و بزوتنەوەی ئەنسار الله لە یەمەن (حوسییەکان) کرد و جەختی لە گرنگی کەمکردنەوەی گرژییهكانی یەمەن کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، کە "پێشوازی لەو هەوڵە دیپلۆماسییە بەرزانە دەکات کە سوڵتانییەتی عومان لە نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سهنعا پێشکەشی کردوە، کە لە چوارچێوەی پشتیوانیکردن لە وتوێژی بنیاتنەر و چارەسەری ئاشتیانە بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە دێت".
وەزارەتەکە جهختی كردهوه له "پێویستی بەرزکردنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، نزیککردنەوەی دیدگاکان و دروستکردنی پردی متمانە لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا، بەوەش بەشداربێت لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی یەکتر، لەسەر بنەمای باوەڕی پتەوی بە گرنگی گفتوگۆ وەک ئامڕازێکی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان".
وەزارەتەکە پێداگری لەسەر "گرنگی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی دۆخی یەمەن و بەشداریکردن لە گەیشتن بە ئاشتەوایی تۆکمەی نیشتمانی کە کۆتایی بەو ئازارە مرۆییانەی گەلی برای یەمەن دەهێنێت" کردەوە.
وەزارەتەکە هەروەها دوپاتی کردەوە کە "عێراق پاڵپشتی لە پرۆسەی ئاشتیانە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێکانی یەمەن کردوە، بە پشتبەستن بە هەڵوێستی پتەوی لە پاڵپشتی لە چارەسەرە سیاسییەکان و وتوێژ"، جەختی لە "گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و بەخشینی ناوچەکە لە گرژییە زیاترەکان" کردوەتەوە.
