عەبادی و نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا جەخت لەسەر پێویستی پشتیوانی لە سەقامگیری ناوچەکە دەکەنەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕوسیا جەختی لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.
عەبادی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازیمان لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، میخائیل بۆگدانۆڤ و شاندی یاوەری کرد".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە میانەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ڕوسیا و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کرد، ئەمە جگە لەوەی باسمان لە پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە کرد. هاوکات جەختمان لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی دوولایەنە کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و بەرزکردنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان".
عەبادی جەختی لەسەر "پێویستی بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاری بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات، هەروەها پێویستی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری ناوچەکە لەڕێگەی چارەسەری ئاشتیانە و لێکتێگەیشتنی بنیاتنەرەوە".
لای خۆیەوە بۆگدانۆڤ ستایشی "ڕۆڵی عێراقی لە بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە" کرد، جەختی لەسەر پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ "پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرزکردنەوەی هاریکاریی سیاسی و ئابووریی نێوان بەغدا و مۆسکۆ".
