عەلی حەمە ساڵح وەڵامی مەسرور بارزانی دەداتەوە لەبارەی پڕۆژەکانی شاری کفری
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم داوای لێبوردن لە خەڵکی کفری دەکات و وتی: "هاوڵاتیانی خۆشەویستی کفری، سڵاو و رێزم هەیە بۆتان، لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و بە دەستم گەیشتوون، بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت".
وتیشی: دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە رۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم.
لە وەڵامدا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح گووتی: "ئەمە گرفتەکەیەو لیژنەی ناوێت، چەندین ساڵە هیچ پرۆژەیەک لە کفری نەکراوە بەهۆی ئەم دوو ئیدارەییە و بێ ئیدارەییە"، حەمە ساڵح وتیشی: "دەڵێن: بڕیاردەدەین پرۆژە بکرێت بەڵام لە داهاتی خۆیان.. لەوێش دەڵێم: داهات نیەو تەنیا بەشی تەواوکردنی موچە دەکات".
لە بەردەوامی وەڵامەکەی ڕوونیکردەوە،" لە ڕاگەیاندراوی فەرمی حکومەت، دەڵێن: 160 پرۆژە لە گەرمیان جێبەجێکراوە بە بڕی 604 ملیار، بەهیچ شێوەیەک نەکراوە".
