عەلی قەرەداغی داوا دەکات کە لوبنان و غەززە نەبنە "نێچیر" بۆ نەتەنیاهۆ و ئیسرائیل
سەرۆکی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان، عەلی قەرەداغی ڕایگەیاند کە پێویستە لوبنان و غەززە وەک "نێچیرێک" بۆ ئیسرائیل، بەجێ نەهێڵدرێن و داوای کرد کە ھەمووان یەکریزبن دژ بەو کارەی کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو و هاوڵانی ئەنجامی دەدەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک ھێرشیان کردەسەر ژمارەیەک ناوچەی باشوور و ڕۆژھەڵاتی لوبنان و لە ئاکامدا، 50 کەس کوژراون و 300 کەسی دیکەش برینداربوون.
عەلی قەرەداغی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "ئەوەی ئەمڕۆ لە لوبنان ڕوودەدات کە بەھۆیەوە خانووی ھاووڵاتییان ڕووخاوە و خەڵکی زۆری مەدەنی کوژراون، دەستدرێژییەکی ترسناکانە و بێ شەرمە"، ڕاشیگەیاندووە: "ئەوەش بەشێکە لە سیاسەتی ناتانیاھو و دارودەستە ڕاستڕاوە توندئاژۆکانی بۆ فراوانکردنی ئیسرائیل لە قودس، کەناری ڕۆژئاوا، غەززە و بەشێک لە خاکی لوبنان و ئوردن دەگرێتەوە".
باسی لەوەشکردووە: "ناکۆکی ئێمە لەگەڵ سیاسەتی ھەندێک لایەنی لوبنان یان فەڵەستین، مافی ئەوەمان پێنادات کە پاڵپشتی لە ھەر دەستدرێژییەک بکەین کە گەلان بکاتە ئامانج، ھەروەھا نابێت بە ھێرشکردنە سەر گەلانی لوبنان و فەڵەستین لەژێر ھیچ بیانوویەکدا، دڵخۆش بین".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بۆ ئێمە دروست نییە کە لوبنان یان غەززە وەک نێچیرێکی ئاسان بۆ ئامانجکردن و دابەشبوون ، لە پێناو ناکۆکیی تائیفی یان سیاسیدا بەجێبھێڵین، چونکە دوژمن لە لە جینۆسایدکردنی موسڵمانان، و ھەرکەسێک لەگەڵیان نەبێت دژی جوولەکە بێت، جیاوازی ناکات".
ھەروەھا سەرۆکی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان، عەلی قەرەداغی ڕاشیگەیاندووە: "ئەوەی لە شەریعەتدا داوایکراوە، ئەوەیە کە ھەمووان دژبە پڕۆژەی زایۆنی لە وڵاتێکدا، یەکگرتووبن".
داوایشی کردووە کە لووتکەیەکی عەرەبی ئیسلامی بەپەلە بۆ تاوتوێكردنی دەستدرێژییەکانی زایۆنی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان، ئەنجام بدرێت.
عەلی قەرەداغی ئاماژەی بەوەشداوە: "عەرەب و موسڵمانان، کارتێکی زۆریان ھەیە کە دەتوانن بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەکانی زایۆنی بۆ سەر غەززە و لوبنان بەکاری بھێنن، لەوانەڕاگەیاندنی بڕینی نەوت و غاز، پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی".
