عەممار حەکیم سەرکۆنەی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بارەگای حەشدی شەعبی کرد
عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگای حەشدی شەعبی كە لەلایەن درۆنێکی ئەمەریکی ئەنجامدرا ڕایگەیاند: "سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی بارەگای هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەین لە ناوچەی جرف ئەلنەسر لە باشوری بەغدای پایتەخت کە بووە هۆی کەوتنەوەی ژمارەیەک شەهید و بریندار، هەروەها داوای پشتیوانیکردنی حکومەت دەکەین لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و بارەگا ئەمنییەکان و ڕێگریکردن لە سەرلێشێواوی دیمەنی ئاسایشی عێراق و داوای دانایی و گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ دەکەین وەک ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێگریکردن لە قەیرانەکان".
شایەنی باسە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە حەشدی شەعبی ئەنجامی کۆتایی هێرشەکەی ئەمەریکای بۆ سەر ناوچەی جرف ئەلنەسر لە پارێزگای بابل ڕاگەیاند، کە قوربانییەکانی هێرشەکە 8 کوژراو و 4 بریندار بوون، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا.
