فرۆشتنی بوکەڵەی لابووبوو لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان قەدەغەکرا
دوای ئەوەی بوکەڵەیەک بە ناوی لابووبوو بووە جێی باسی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و خواستێکی زۆری لە سەرانسەری جیهان بەدەستهێنا، بریاری قەدەغەکردنی لە هەرێمدا دەرکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی تەمموزی ٢٠٢٥، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر بە میدیاکانی وت، ماوەی دوو رۆژە بڕیاری قەدەغەکردنی بوکەڵەی لابووبوویان دەرکردووە و تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار بوکەڵە دەستی بەسەرداگیراوە و هەر کەسێکیش بیفرۆشێت تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
وتیشی، قەدەغەکردنی بووکەڵەکە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، رەنگێکی ئەو بوکەڵەیە بووەتە ترێند و خواستێکی زۆری لەسەرە، بەڵام فرۆشیارانی هەرێم ئەو رەنگەیان لا نییە و فێڵ لە خەڵک دەکرێت و رەنگی تریان پێ دەفرۆشرێتەوە و کەسیش پێی نازانێت.
دەشڵێت، هۆکاری دووەمیش نەگونجاندنی ئەم ترێندەیە لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردی و پاڵپشت بە لێدوانێکی یەکێتی زانایان کە دەڵێن، فرۆشتنی ئەو بووکەڵەیە بەو شێوازەی کە بەجارێک دەبێت چەند دانەیەک بکڕیت تاکو رەنگ و شێوەی دڵخوازی خۆتت بۆ دەربچێت، دەبێتە فێڵکردن و چەواشەکاری، هەر بۆیە باوک و دایک ناچارن چەند دانەیەکیان بەجارێک بکڕن بۆ منداڵەکانیان، بۆیە بڕیاریانداوە قەدەغەی بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر فرۆشیارێک ئەو بووکەڵەیە بفرۆشێت، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە و پێویستە ئەو فرۆشیارەی کە بووکەڵەیان هەیە، بیبەنەوە ئەو شوێنەی لێیان کڕیوە چونکە لێپێچینەوەکان زۆر تووندن و هەرچی دەستی بەسەردابگرین لەناوی دەبەن.
