فوئاد حسێن بۆ نێردەی ترەمپ: بژاردەكانی گەلی عێراق رێزلێگیراون و هیچ جێگرەوەيەكیان نییە
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەسوڕمانی حكومەتی عێراقی لە لێدوانەكانی ئەم دواییەی سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق بە تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروبارى سوریا گەیاندوە و باسی لەوەكردوە كە "بژاردەكانی گەلی عێراق رێزلێگیراون و هیچ جێگرەوەيەكیان نییە"، لای خۆیەوە باراک وتویەتی، "لێدوانەکانی پەیوەندی بە ئەزمونی ئەمریکاوە
هەیە لە عێراق".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کەدەستی موتەڵع کەوتووە،ئەمڕۆ یەكشەممە فوئاد حوسێن لە پەراوێزی کارەکانی "کۆڕبەندی دەوحە"، لەگەڵ تۆماس باراک کۆبوەوە و لە میانەی دیدارەکەدا، باسی لەو قۆناغانە کرد کە عێراق پێیدا تێپەڕیوە تا گەیشتن بە چەسپاندنی ڕێبازی دیموکراسی لە دوای ساڵی 2003، هەروەها ئەو ئاڵنگارییە ئاڵۆزانەی کە هاوڕێی ئەم گۆڕانکارییانە بون.
ناوبراو جەختی کردەوە کە عێراق هێشتا پابەندە بە بژاردەی دیموکراسی و بنیاتنانی دامەزراوەکانی، و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک کە بۆ چەندین دەیە بەدەستیەوە ناڵاندویەتی. هەروەها حسێن سەرسوڕمانی حکومەتی عێراقی دەربڕی سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی نوێنەری ئەمریکا لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق.
فوئاد حوسێن ڕونیکردەوە، گرنگ بو تێڕوانینەکە بە شێوەیەکی دیکە ڕون بکرایەتەوە، بەجۆرێک کە ڕەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتنە سیاسی و سەقامگیرییە ڕێژەییە بێت کە لە عێراقدا بەدیهاتوە. ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ڕێز لە بژاردەکانی گەلی عێراق دەگیرێت، و دیموکراسی و سیستەمی فیدراڵی لە دەستوردا جێگیر کراون و بونەتە ڕێڕەوێکی چەسپاو کە جێگرەوەیان نییە سەرەڕای ئاڵنگارییەکان.
لەلایەن خۆیەوە، تۆماس باراک سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی وەزیری دەرەوەی عێراق کرد بۆ ئەو تێڕوانینە مێژویی و سیاسییەی کە سەبارەت بە عێراق و ئەوەی پێش ساڵی 2003 ڕویداوە خستیەڕو، و جەختی کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا بە ڕێزەوە دەڕوانێتە ئەزمونی عێراق و ئەوەی لێدوانی لەسەر داوە پەیوەندی بە لایەنی ئەزمونی ئەمریکاوە هەیە لە عێراق.
هەروەها نوێنەری ئەمریکا باسی لە دۆخی ئێستای سوریا کرد و جەختی لە گرنگیی مامەڵەکردن بە دادپەروەری لەگەڵ هەمو پێکهاتەکانی سوریا پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانە کردەوە کە بەدوای دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخەکە دەگەڕێن، و ئەمەش بابەتێکە بۆ گەلی سوریا دەگەڕێتەوە.
