فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەیان ئامانجی لە هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج
کەمێک پێش ئێستا، وەزارەتى بەرگریى تورکیا ڕایگەیاند: 32 ئامانجى پەکەکە و هاوپەیمانەکانیمان لە باکوورى عێراق و سووریا کردە ئامانج و بۆردوومانەکان بەردەوامدەبن.
ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ناوەندی کۆمپانیای پیشەسازی ئاسمانی تورکی "توساس" لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، کە لە ئەنجامەکەی چوار کەس کوژراون و 14 کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
لەدوای هێرشە چەکداریەکەی سەر ناوەندی کۆمپانیای پیشەسازی ئاسمانی لە پایتەختی تورکیا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی هاوخەمی ڕایگەیاند، "هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمڕۆی ئەنقەرە ئیدانە دەکەم، سەرەخۆشی و نزاکانم لەگەڵ کەسوکاری قوربانیەکانە و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم، ئێمە هاوسۆزی تەواو لەگەڵ گەل و حکومەتی تورکیا دژ بە تیرۆر و تیرۆرستان دەوەستین".
لەدوای هێرشە چەکداریەکە لە پایتەختی تورکیا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین پێگەیان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج و لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا چەندین قوربانی کەوتەوە لە ناوچەکانی کرێ سپی، قامشلۆ، کۆبانێ، مەنبەج.
