فڕۆکەوانی عێراقی دەچێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە... جموجۆڵێکی حکومی بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکردنی ئەوروپی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوی ئەیاتا کۆدەبێتەوە بۆ بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی لابردنی قەدەغەی ئەوروپی لە سەر هێڵی ئاسمانی عێراقی.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوه"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی گواستنەوەی ئاسمانی نێودەوڵەتی (ئەیاتا / IATA) بۆ بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی هەڵگرتنی قەدەغەی ئەوروپی لە سەر هێڵی ئاسمانی عێراقی.
وتیشی سودانی گوێی لە ڕوونکردنەوەیەکی وردی نوێنەری شاندەکە و سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق گرت، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ئەم دۆسییە، کە بریتی بوو لە تەواوکردنی (71%)ی پلانی چاکسازی کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا دانابوو، هەر لە دیدارەکەدا باس لە واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و ئەیاتا کرا.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دۆخی سەلامەتی فڕۆکەوانی کرا، بەپێی ستانداردەکانی بەرنامەی وردبینی سەلامەتی ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتی / IOSA بۆ ئەم بابەتە و دەستەی سەلامەتی ئەوروپا / EASA، لەگەڵ جەختکردنەوەی ڕێکخراوی ئەیاتا لە سەر پێدانی خولی ڕاهێنانی تەکنیکی بۆ بەرزکردنەوەی زانیاری لەسەر سیستەمی حوکمڕانی فڕۆکەوانی لە ناوخۆی عێراق، هەروەها جەختی لەسەر باشترکردنی ئەدای کارکردن لە بەشی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ستانداردەکانی ئاسایشی تایبەت بە فڕۆکەخانەکان کرا، هەروەها ئاماژە بە ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەک بۆ پەرەپێدانی فڕۆکەوانانی عێراقی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی هاوئاهەنگی لە نێوان هێڵی ئاسمانی عێراقی و پيشکەشکرانی خزمەتگوزاری ئاسمانی پەیوەست بە بار و خزمەتگوزاری زەمینی و سوتەمەنی و تەواوکردنی پێداویستییەکانی تر.
