فینلەندا ڕۆژی چوارشەممە بڕیاریدا کونسوڵخانەیەکی ڕوسیا لە تورکۆ لە باشوری وڵاتەکە دابخات
فینلەندا ڕۆژی چوارشەممە بڕیاریدا کونسوڵخانەیەکی ڕوسیا لە تورکۆ لە باشوری وڵاتەکە دابخات وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ کردەوەیەکی هاوشێوەی ڕوسیا.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی فینلەندا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە سەرەتای مانگی 10ەوە کونسوڵخانەی ڕوسیا لە تورکۆ لە باشوری ڕۆژئاوای فینلەندا دادەخات، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردەوە کە ئەم بڕیارە وەک وەڵامدانەوەیەک دێت بۆ داخستنی کونسوڵخانەی فینلەندا لە سانت پۆترسبێرگ کە ڕوسیا لە 6ی مانگی حەوتدا ڕایگەیاند.
مۆسکۆ ئەم بڕیارەی وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ دەرکردنی نۆ دیبلۆماتکاری ڕوسی لە فینلەندا لە مانگی حوزەیراندا دەرکرد بەهۆی چالاکییە هەواڵگرییەکانیانەوە بۆ وڵاتی ڕوسیا، ئەمەش بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پێشووتری وڵاتی فینلەندا.
ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی فینلەندا ڕاشیگەیاند کە چارەنووسی کونسوڵخانەی ڕوسیا لە ماریهام لە دوورگەی ئۆلاند لەژێر گفتوگۆدایە و تا ئێستا بڕیاری لەسەر نەدراوە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بوون دوای جەنگی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە مانگی دووی 2022.
