فەرمان درا بە ئاسانکاری بۆ هاتنە ناوەوەی هاندەرانی ئیماراتی بۆ عێراق
ئەمڕۆ یەکشەممە"محەمەد شیاع سوودانی"سەرۆک وەزیران، فەرمانی دا بە ئاسانکاری بۆ هاتنە ناوەوەی هاندەرانی ئیماراتی بۆ عێراق.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران،لە راگەیەندراوێکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە، تیایدا هاتووە : "محەمەد شیاع سوودانی" سەرۆک وەزیران، رێنماییدا بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئاسانکاریکردن لە هاتنە ژوورەوەی هاندەرانی ئیماراتی بۆ عێراق، بۆ ئامادەبوون لە یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئیمارات، کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە یاریگای (جذع النخلة) لە پارێزگای بەسڕە بەڕێوەدەچێت، لە چوارچێوەی پاشکۆی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی تۆپی پێی 2026.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک وەزیران داوای لە کۆمەڵەکانی هاندەرانی وەرزشی عێراق کرد کە بە ڕۆحێکی برایانە و پڕ لە خۆشەویستی پێشوازی لە برا ئیماراتییەکانیان بکەن، و ئامادەبوونیان ببێتە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا، و نیشاندانی وێنەی ڕاستەقینەی بەخشندەیی و میواندۆستی و مامەڵەی باشی عێراقییەکان، و هەروەها هاندانی بە ڕۆحێکی وەرزشی ناسراو.
