فەڕەنسا میوانداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بەسوریا دەکات
کۆشکی ئیلیزێ رایگەیاند ،کە فەڕەنسا لە 13 ی شوبات لە پاریس میوانداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سوریا دەکات و تیایدا گفتوگۆ لەسەر "گواستنەوەی سیاسی دادپەروەرانە و گشتگیر" دەکرێت.
ئەم کۆنفرانسە سێیەم کۆنفرانسە لەدوای یەکەم کۆبوونەوە کە لە 14 ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە عەقەبە لە ئوردن بەڕێوەچوو دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە 8 ی کانوونی یەکەم.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی ئێلیزێ، سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان، جەختیان لە بەرواری کۆنفرانسەکە کردەوە .
لە راگەیاندراوەکەش هاتووە: "هەردوو سەرکردە پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە گواستنەوەیەکی سیاسی دادپەروەرانە و گشتگیر کە ڕێز لە مافەکانی هەموو خەڵکی سوریا بگرێت." هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێز لە سەروەری سوریا بگیرێت و سوریا لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی بپارێزرێت.
