قوباد تاڵەبانی: ئیدارەی نوێی کەرکووک سەلماندوویەتی بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کەرکوکییەکان دەکات
قوباد تاڵەبانی: "ئیدارەی نوێی کەرکووک لە ماوەیەکی کورتدا سەلماندوویەتی بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کەرکوکییەکان دەکات و هەنگاوی زۆر باش و سەرکەوتووانەیان ناوە لە خزمەتکردنی شارەکەدا، وەک پاککردنەوەی کۆڵان و شەقامەکان و دانانی بەردی بناغەی چەندین پڕۆژەی گرنگ".
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی لەمیانەی سەردانێکی بۆ پارێزگای کەرکووک و کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگار ڕێبوار تەها ڕایگەیاندووە، لە دوو کۆبوونەوە جیادا لەگەڵ بەڕێزان، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، دەستخۆشیم لێ کردن کە بە کردار سەلماندوویانە ئیدارەی نوێی کەرکووک، حکومەتی هاوڵاتییانە و گیانی پێکەوەژیان و برایەتییان لەناو شارەکە قوڵتر کردوەتەوە. پشتیوانی تەواوی خۆم بۆ دووپات کردنەوە و داوام کرد زیاتر کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران بکەن تا لە بوارە جیاوازەکاندا لە شارەکەدا وەبەرهێنان بکەن، هەوڵ بدەن گرنگی بە دۆخی ژینگەی کەرکوک بدەن و رێژەی سەوزایی زیاتر بکەن.
هیواشمان خواست لە دوای بڕیاری دادگای فیدرال لەسەر داننان بە ئیدارەی نوێی کەرکووک، ئەو لایەنانەی تا ئێستا بایکۆتی پرۆسەکەیان کردەوە بگەڕێنەوە ناو ئەنجومەنی پارێزگا و نوێنەرایەتی خواستی ئەو هاوڵاتییانە بکەن کە لە هەڵبژاردنەکاندا متمانەیان پێ بەخشیون.
