قوباد تاڵەبانی: حکومەتی هەرێم و یەکێتی پشتگیری پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەكەن
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ پێشوازی لە نوح یەلماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و باس لە پرۆسەی ئاشتی و دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی 10یەمی حکومەت کرا، هەروەها هەردولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان کە لە ئێستادا بەرەو ئاستێکی باشتر دەڕوات.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، قوباد تاڵەبانی، پێشوازی لە نوح یەلماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و پێکەوە چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردولایان تاوتوێ کرد
ئاماژەی بەوەشكرد، باس لە دوا پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێم و یەکێتیی لە پرۆسەکە و رایگەیاند، ئامادەن بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەپێناو سەرخستنی ئاشتی لە تورکیا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە تەوەرێکی دیكەی کۆبونەوەکەدا، باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی 10یەمی حکومەتی هەرێم کرا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن و نیەتی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتیاندا بێت.
ئەوەشی خستەڕو، لەتەوەرێکی دیکەدا باس لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا کرا. هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان کە لە ئێستادا بەرەو ئاستێکی باشتر دەڕوات.
