قوباد تاڵەبانی لەبارەی جوتیارانی کەرکوک: بەکارهێنانی سوپا و رەفتاری لەم شێوەیە هەنگاوێکی مەترسیدارە
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەتەواوەتی پشتگیریی جووتیارانی کەرکوک دەکەن و هەوڵی چاەرسەرکردنی یەکجاریی کێشەکەیان دەدەن و دەشڵێت،بەکارهێنانی سوپا و رەفتاری لەم شێوەیە، هەنگاوێکی مەترسیدارە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "هێشتا مانگێک بەسەر پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە تێپەڕنەبووە، کەچی پێچەوانەی دەستوور و یاسا، سوپا لە دژی خاوەنە رەسەنەکانی زەویوزاری سەرگەڕان بەکاردەهێنرێت".
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، "بەکارهێنانی سوپا و رەفتاری لەم شێوەیە، هەنگاوێکی مەترسیدارە و بەردەوامیی پێشێلکاریی لەم چەشنە داهاتووی پێکەوەژیان دەخاتە مەترسییەوە."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پشتگیریی تەواوی جوتیاران دەکات و دەڵێت "بەهاوکاریی هەموو لایەنەکان هەوڵی چارەسەرکردنی یەکجاریی ئەو کێشەیە لە کەرکوک دەدەن".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، "پێداگریی لەسەر سزادانی یاسایی سەرپێچیکاران و ئەوانەشی فەرمانیان کردووە بە بەکارهێنانی سوپای دژی جوتیاران کورد دەکەن".
