كشانەوەی شاندی عێراقی لەکۆنفرانسی دژی گەندەڵی لە ئەمریکا
شاندی عێراقی بەشدار لە دەیەمین دانیشتنی كۆنفرانسی وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان دژی گەندەڵی كە لە شاری ئەتلانتای ئەمریكا بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كاتی وتاری نوێنەری قەوارەی زایۆنی لە كۆنفرانسەكە كشایەوە. دەستەی دەستپاكی فیدراڵی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: سەرۆكی دەستەكە دادوەر حەیدەر حەنون، نوێنەری عێراق لە پەیماننامەكەدا، لە كاتێكدا نوێنەری قەوارەی زایۆنی وتاری پێشكەش دەكرد، لە هۆڵی كۆنفڕانسەكە كشایەوە، و ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم هەڵوێستەی لەسەر راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی بوو. رونیشیكردەوە: ئەم هەنگاوەی وەفدی عێراقی هاوسۆزییە لەگەڵ گەلی فەڵەستین، هەروەها بۆ شەرمەزاركردنی ئەو تاوانانەی كە قەوارەی زایۆنی بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین ئەنجامیداوە و ئەو كۆمەڵكوژییانەی كە دژی ژنان و منداڵان لە غەززە ئەنجامی دەدات. نەزاهە ئاشكراشیكرد: دادوەر حەنون، دوێنێ سێشەممە، لە وتارەكەیدا لە كۆنفرانسەكەدا، داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕی غەززە و چوونە ناوەوەی هاوكارییە مرۆییەكانی بەبێ دواكەوتن كردبوو، و هاوكات جەختی لە لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی جینۆساید و تاوانەكانی جەنگ بەپێی ڕێساكانی دادپەروەری نێودەوڵەتی كردەوە، و هەروەها داوای دادپەروەری بەرامبەر گەلی فەڵەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی عەرەبی فەڵەستین لەسەر هەموو خاكە دەستبەسەرداگیراوەكانی، بە پایتەختی قودسی پیرۆزەوە كرد.
