كۆمسیۆن مەرجەکانی بوون بە کارمەندی ڕۆژی دەنگدانی دیاری دەکات
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق مەرجەکانی بون بە کارمەندی ڕۆژی دەنگدانی ڕاگەیاند كە دەبێت لە دایكبونی 1970 بۆ 2006 بێت و دانیشتوی هەمان پارێزگا بێت و خزمایەتی لەگەڵ پاڵیوراوان نەبێت،هەروەها بۆ ئاستی خوێندەوایش بۆ فەرمانبەران دەبێت بڕوانانەی شەشی ئامادەی هەبێت و بۆ دەرچوان دەبێت بڕوانامەكەی لە دیبلۆم بەرەو سەربێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە مەرجەکانی بون بە کارمەندی ڕۆژی دەنگدانی ڕاگەیاند و بەگوێرەی مەرجەكانیش، پێشكەشكار پێویستە لە دایکبوی نێوان ساڵانی 1970 بۆ 2006 بێت و لە توێژەکانی فەرمانبەران و فێرخواز و دەرچوان بن.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت کەمترین بڕوانامە بۆ پێشکەشکار لە توێژی فەرمانبەرانی حکوی بریتی بێت لە بڕوانامەی ئامادەیی، بۆ دەرچوان دەبێت بڕوانامە لە دیبلۆم بەرەو سەر بێت. هەروەها پێویستە کارتی بایۆمەتری دەنگدانی هەبێت و دانیشتوی هەمان پارێزگا بێت.
بەگوێرەی مەرجەكان، پێشکەشکردنەکە لەسەر بنەمای پێگەی جوگرافی دەبێت و پێویستە لەسەر پێشکەشکار هیچ سزایەک نەدرابێت بە بێبەشکردنی لە پاداشتی دارایی لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردن یان دەنگدانی دوبارەیی هەبوبێت یان لەو ویستگانە بوبێت کە دوبارەبونەوەی پەنجەمۆری دەنگدانی تێدا ڕویدابێت.
ئەوەشیخستەڕو، نابێت پێشكەشكار پلەی نزیکایەتی لەگەڵ پاڵیوراوانی هەمان پارێزگا هەبێت وەک (باوک، دایک، کوڕ، برا، خوشک، هاوسەر، مام، مامۆژن، خاڵ، خاڵۆژن).
بەگوێرەی مەرجەكان، پێشکەشکار واژۆی بەڵێننامەیەک بکات کە ڕێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری ناگریتەوە و حوکم نەدرابێت بە تاوان، لە ئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان نەبێت و نوێنەری پارتە سیاسییە رکابەرەکان و چاودیری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە ڕۆژی دەنگدان نەبێت، هەروەها سەربەخۆ و پابەندبێت بە بنەماکانی ڕەفتار کە لەلایەن کۆمسیۆن ئامادەکراوە.

