كێربی: ئۆپەراسیۆنی سەر ڕەفەح ئامانجی شکستپێهێنانی حەماس ناپێکێت
وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، جۆن کیربی دەڵێت، ئۆپەراسیۆنە گەورەکەی ئیسرائیل لە ڕەفەحدا ئامانجی واشنتن و تەل ئەڤیڤ بۆ شکستپێهێنانی حەماس لە غەزە بەدی ناهێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە(9 ی ئایاری 2024)، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ووتی، حەماس لەژێر فشارێکی زۆردا بووە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێستا ڕێگای باشتر هەیە بۆ بەدواکەوتنی سەرکردایەتیی گروپی حەماس، نەوەک ئۆپەراسیۆنێک کە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی دروست دەکات.
کێربی دەشڵێت، ئەوەی بڵێ ئێمە ئیسرائیل بەجێ دەهێڵین، یان ئامادە نین یارمەتیی بدەین بۆ شکستپێهێنانی حەماس، لەگەڵ ڕاستییەکاندا ناگونجێت.
کێربی دەڵێت، ئێمە هێشتا باوەڕمان وایە ڕێگایەک هەیە بۆ بەرەوپێش چوون، بەڵام پێویستی بە هەندێک سەرکردایەتیی هەیە لەلایەن هەردوولاوە، ئەمەش پێویستی بە بوێرییەکی ئەخلاقی هەیە بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بتوانن لە مێزەکە نزیک ببنەوە و ئەم ڕێککەوتنە ئیمزا بکەن.
