له مانگێكدا نزیکهی 36 تهن خۆراک و کەرەستەی خراپ له سلێمانی لەناوبران
ئەمڕۆ شەممە قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگهیاند، لە مانگی ئاب نزیکهی 36 تهن خۆراک و کەرەستەی خراپ لهناوبراوه و سزای دارایی ئەو شوێنکارانە دراوە کە پابەندی رێنماییەکانی نەبون.
قائیمقامیەتی سلێمانی له ڕاگهیهندراوێكدا بڵاویکردەوە، بەپێی ئامارەكانی مانگی ڕابردوو هەزارو 149 سەردانیان لە سنوری شاری سلێمانی بازار و شوێنە گشتیەکانی ئەنجامیانداوەو پسوڵەی سەرپێچیان بۆ 360 شوێنکار کردوە، هاوکات 216 حاڵەتی ئاگادارکردنەوە هەبوە.
ئاماژهی بهوهشكردوه، لەو مانگەدا شەش حاڵەتی دادگا تۆمارکراوەو ههشت شوێنکار بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون، ئەو شوێنانەشی کە روبەڕوی داخستن بونەتەوە بەهۆی دوبارە ئەنجامدانی سەرپێچی و پابەندنەبونیان بوە، بەو رێنمایانەی کە پێشتر لە لایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە پێیان درابوون.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، لە مانگی رابردودا 50 ملیۆن دینار سزای دارایی ئەو شوێنکارانە دراوە کە پابەندی رێنماییەکانی نەبون.
