لیژنەی دارایی پەرلەمان: خشتەکانی تایبەت بە بودجەی ساڵی 2024هیچ دەستکاریکردنێکی سیستمی پلەبەندی مووچەی تێدا نییە
لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، خشتەکانی تایبەت بە بودجەی ساڵی 2024، هیچ جۆرە دامەزراندنێک و دەستکاریکردنێکی سیستمی پلەبەندی مووچەی تێدا نییە.
مستەفا کەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو خشتانەی کە تایبەتە بە بودجەی ساڵی 2024 و لەلایەن حکومەتەوە رەوانە کراوە، بە هیچ شێوەیەک دەستکاریکردنی سیستمی پلەبەندی موچەی تێدا نییە.
کەرعاوی لەو بارەیەوە رایگەیاند، پلەبەندیی موچە، پێویستە وەک یاسایەکی تایبەت جیا لە بودجە رەوانە بکرێت، ئەو بابەتەش لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتدایە بە تەنها، چونکە ئەنجوومەنی نوێنەران هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشکرایکرد، خشتە نێردراوەکانی یاسای بودجە، هیچ جۆرە دامەزراندنێکی نوێ لەخۆ ناگرێت، بە تایبەت لە سایەی بەرزبوونەوەی بودجەی بەکاربردن و کورتهێنانی بودجە، بۆیە حکومەت پەنای بردووە، بۆ کاراکردنی کەرتی تایبەت، بۆ دۆزینەوەی هەلیکار.
