لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوای ئازادکردنی ئیسلام کەشانی دەکات
لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (CPJ)، داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کرد، بەزووترین کات بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی تەلەفزیۆنی سپێدە و ڕۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی ئازاد بکەن و ڕایگەیاند، "پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەستبەجێ و بێمەرج رۆژنامەنوس ئیسلام كەشانی ئازاد بكەن"، هەروەها داوی کرد، هۆكاری دەستگیركردنی و هەڵكوتانە سەر ماڵەكەی ئاشكرا بكەن و دڵنیایی بدەنە رۆژنامەنوسان ئازادانە كاری خۆیان بكەن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (2023/8/24)، رۆژنامەنوس ئیسلام كەشانی بە مەبەستی چوون بۆ كاری میدیایی خۆی لە نوسینگەی كەناڵی ئاسمانی سپێدە و دەزگای خابیر، لە ماڵ دەرچوو، پێش ئەوەی بگاتە شوێنی كارەكەی لە گەڕەكی سەفین شاری زاخۆ، هێزێكی ئاسایش بێ ئەوەی ھیچ بڕیارێكی دادگایان پێ بێت دەیگرن و دەیڕفێنن و دواتر هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی.
