لیژنەی یاسایی عێراق: هیچ دانیشتنێک بەمزووانە ناکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان
لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: تا ئێستا هیچ دانیشتنێک نەکراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان.
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە (19ـی تشرینی دووەمی 2023) پشتڕاستی کردەوە کە هیچ دانیشتنێک بەمزووانە نییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە فراکسیۆنە سوننەکان لەسەر کاندیدێک ڕێکبکەون و پێشکەشی بکەن بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی پەرلەمای عێراق.
دارا حەمە، ئەندامی لیژنەکە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی "موتەڵع" وتی: "پەرلەمان کۆبوونەوەکانی خۆی ئەنجام دەدات بۆ تەواوکردنی دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەتا ئەو کاتەی ڕێگەی پێدەدرێت ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەواو بکات و تەنها یەک دانیشتنی ماوەتەوە بۆ دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردن".
دارا حەمە وتیشی: "پەرلەمان دانیشتنی دیاری نەکردووە بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەی سەرۆکی پێشوو مەحەممەد حەلبووسی و تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەو مەبەستە نەکراوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە فراکسیۆنە سیاسییەکان کە نوێنەرایەتی پێکهاتەی سوننە دەکەن، لەنێوان خۆیاندا ڕێکبکەون لەسەر پێشکەشکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بۆ ئەوەی دانیشتنێک ئەنجام بدرێت و دەنگی لەسەر بدرێت".
شایەنی باسە، رۆژی سێشەممەی رابردوو (14ـی تشرینی دووەمی 2023)، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەحەممەد حەلبووسی دا بە تۆمەتی ساختەکاری لە کەیسی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلەیمی.
