لە بۆردومانی ئەمریكادا بۆ سەر بەندەری نەوتیی ڕەئس عیسا لە یەمەن، 38 كەس گیانیان لەدەست دا
كەناڵی مەسیرەی سەر بە گرووپی ئەنساڕوڵڵای حووسییەكانی یەمەن بڵاوی كردەوە، لە بۆردومانی ئەمریكادا بۆ سەر بەندەری نەوتیی ڕەئس عیسا لە یەمەن، 38 كەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 100 كەس بریندار بوون.
كەناڵەكە دەڵێت، ئەو كەسانەی بوونەتە قوربانیی بۆردومانەكانی ئەمریكا كرێكار و كارمەندی ناو وێستگە نەوتییەكان بوون.
هاوكات سوپای ئەمریكا كە ئەركی لێدانی یەمەنیەكانی لە ئەستۆ گرتووە و دەیەوێت هەڕەشەی حووسییەكان لەسەر كەشتیەكانی دەریای سوور دوور بخاتەوە، ڕایگەیاندووە، بەندەری نەوتیی ڕەئس عیسایان لە یەمەن وێران كردووە، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ بڕینی سەرچاوەی دارایی و پارەپەیداكردنی حووسییەكان.
جێی باسە لە دوای حەوتی ئۆكتۆبەرەوە حووسییەكانی یەمەن بەبێ پچڕان هێرش دەكەنە سەر ئەو كەشتیانەی لەلایەن قەوارەی زایۆنی و ئەمریكا و بەریتانیا و هاوپەیمانەكانیانەوە خاوەندارێتی دەكرێن. ڕاشیدەگەیەنن، تا جەنگی سەر غەززە بەردەوام بێت ئەوانیش بەردەوام دەبن.
